توێژینەوەیەک لە ئەمریکا ئاشکرای دەکات، ئەو مێردمنداڵانەی رۆژانە خۆراکە خێراکان دەخۆن، مەترسی لەسەر مێشکیان دروستدەبێت.
توێژینەوەکە لە زانکۆی باشووری کالیفۆرنیا کرا و دەرکەوت، ئەو مێردمنداڵانەی رۆژانە بڕێکی زۆر لە شەکر و خۆراکە خێراکان دەخۆن ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی ئەلزەهایمەر زۆرە.
پسپۆڕانی توێژینەوەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە مێردمنداڵان لە تەمەنی پێگەیشتن و گەشەکردندان و بە پێویستیشی دەزانن ‘خەو و خۆراک’ـیان رێک و تەندروست بێت.
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو مێردمنداڵانەی هەفتانە سێ جار خۆراکە خێراکان دەخۆن، ئاستی مادەی ئەسیتایلکۆڵاینیان کەمبووەتەوە.
د. ئانا هایس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەشڵێت: مێردمنداڵان بایەخی تەواو بە خواردنی سەوزە و میوەکان بدەن و خەویان رێبکەن، تاوەکو لە تەمەنی پێگەیشتندا کێشەی جەستەیی و هزرییان بۆ دروستنەبێت.
بە گوێرەی کۆمەڵەی ئەلزەهایمەری ئەمریکی، لە تووشبووانی نەخۆشیی ئەلزەهایمەر مادەی ئەسیتایلکۆڵاین کەمدەبێتەوە کە رۆڵی هەیە لە ناردنی سیگناڵەکانی مێشک بۆ هەریەک لە فەرمانەکانی ‘فێربوون، سەرنجدان و جووڵەی خۆنەویستی ماسوولکەکان’.
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا، پێنج ملیۆن و 800 هەزار کەس لە ئەمریکا تووشبووی ئەلزەهایمەرن کەباوترین جۆری لەبیرچوونەوەیە.
ناوەندەکە رایدەگەیێنێت، هەریەک لە هۆکارەکانی ‘خواردنەوەی کحول، کێشانی جگەرە و نێرگەلە، کەمیی ڤیتامین D، شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ، خەمۆکی، قەڵەوی و تەمەن’ دەکرێت رۆڵیان هەبێت لە ئەگەری دەرکەوتنی نیشانەکانی لەبیرچوونەوە.